چوار تۆمەتبار بەتۆمەتی كوشتنی هاوڵاتیەك دەستگیركران
مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی/ نوسینگەی لێكۆڵینەوە لەتاوانەكانی كوشتن چوار تۆمەتباریان بەتۆمەتی كوشتنی هاوڵاتیەك دەستگیركرد.
دوای ئەوەی ڕۆژی 2022/7/9، ڕووداوێكی تەقەكردن لەنزیك پاركی ئازادی سلێمانی ڕوویداو تێیدا كەسێك بەفیشەك برینداركراو دوای دوو ڕۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكەو كەشفو هێڵكاریی بۆ شوێنی ڕووداوەكە ئەنجامدراو لێكۆڵینەوەكان بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتباران دەستیپێكرد. كە هەڵاتبوون .
بەڕێز بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان/ نوسینگەی لێكۆڵینەوە لەتاوانەكانی كوشتن و ھێزی تایبەتی بارەگای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی و بنكەی پۆلیسی سەرای ڕاسپارد كە بەدواداچوونی ورد بكەن لەسەر ڕوداوەكەو ڕاستەوخۆش بەڕێزیان سەرپەرشتی لێكۆڵینەوەكەی دەكرد ، سەرەنجام توانرا چوار تۆمەتبار بەناوەكانی (ت، م، ع - ب، ئـ، م - ئـ، ئـ، م - ئـ، س، ت) لەلایەن مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی/ نوسینگەی لێكۆڵینەوە لەتاوانەكانی كوشتن و ھێزی تایبەتی بارەگای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بەهەماهەنگی بنكەی پۆلیسی سەرا سەرجەمیان دەستگیربكرێن، هەروەها دەستیشگیرا بەسەر ئەو دەمانچەیەدا كە تۆمەتباران تاوانەكەیان پێ ئەنجامدابوو.
هەر چوار تۆمەتبارەكە دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوە لەبەردەم دادوەری لێكۆڵنەوەدا ، لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادان ڕاگیراونو لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی - ڕاگەیاندنو پەیوەندییەكان