لەسەر دۆسیەی كوشتنی كەسێك تۆمەتبارێك دەستگیركرا
لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی لێكۆڵینەوە لە تاوانی كوشتن _ بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی كەسێك دەستگیركرا كە تۆمەتبارە بە كوشتنی باوكی.
دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو زانیاری كوشتنی كەسێك گەیشتە پۆلیسی سلێمانی ، دەستبەجێ مەفرەزەكانی پۆلیسی سلێمانی گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكەو كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی ڕوداوەكە كرا و زانیارییە سەرەتاییەكان دەریانخست كە باوكێك لە لایەن كوڕەكەیەوە كوژراوەو تۆمەتبار هەڵاتووە.
هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر توانرا هەمان شەو لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی لێكۆڵینەوە لە تاوانی كوشتن _ بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر ئەو چەكەدا كە تاوانەكەی پێ ئەنجام درابوو.
لە ئێستادا تۆمەتبار ( م، م، ع لەدایكبووی 2002 ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە.