بەتۆمەتی دزیکردن و شکاندنی جامی حەوت ئوتۆمبێل، سێ تۆمەتبار دەستگیرکران
مەفرەزەکانی نوسینگەی ڕۆژهەڵاتی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سێ تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە جامی حەوت ئوتۆمبێلیان شکاندبوو دزیان لێکردبوون.
لەچوارچێوەی چالاکییە بەردەوامەکانی هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران و پاراستنی ئارامیی و ئاسایش و سەرو ماڵی هاوڵاتیان و پاش وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، مەفرەزەکانی نوسینگەی ڕۆژهەڵاتی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سێ تۆمەتباریان دەستگیرکرد بەتۆمەتی دزی کردن و شکاندنی جامی ئوتۆمبێل.
لەلێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتباران دانیان بەوەدا ناوە کە جامی حەوت ئوتۆمبێلیان شکاندوەو پارەیان لەناو ئوتۆمبێلەکان دزیوە.
تۆمەتباران (ر، ر، غ - س، ه، ع - د، ب، ع) بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.