دوو تۆمەتبار دەستگیرکران
مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوان/ نوسینگەی نەھێشتنی دزینی ئوتۆمبێل لەدوو چالاکیدا دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد.
دوای ئەوەی تۆمەتبارێک بەزەبری چەک ئوتۆمبێلێک لەھاوڵاتییەک دەسەنێت، بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە بەپێی ماددەی ٤٤٦ بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار دەرکرد، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەو کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە، توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەھێشتنی دزینی ئوتۆمبێلەوە دەستگیربکرێت.
لەکاتی دەستگیرکردنیدا، دەستیشگیرا بەسەر ئوتۆمبێل و ئەو چەکەی تۆمەتبار تاوانەکەی پێ ئەنجامدابو.
تۆمەتبار (ب، ح، س) کە پێشینەی تاوانی ھەیەو بڕیارێکی تری دەستگیرکردنی ھەیە بەپێی ماددەی ٤٤٢ لەیاسای سزادان، لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.
لەچالاکییەکی ترداو لەسەر سکاڵای ھاوڵاتییەک و بەبڕیاری بەڕێز دادوەر، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەھێشتنی دزینی ئوتۆمبێل تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە ماتۆڕسکیلێکی دزیبوو. ھەروەھا دەستیشگیرا بەسەر ماتۆرسکیلە دزراوەکەدا.
لەئێستادا تۆمەتبار (أ، ف، ح) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٤٦ لەیاسای سزادان ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی - ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان