سێ گەنج کەوتنە دەریاچەی دەربەندیخانەوەو یەکێکیان خنکا
سێ گەنج کە بەمەبەستی ڕاوەماسی ڕوویان لەناوچەکە کردبوو، کەوتوونەتە ناو دەریاچەی دەربەندیخانەوەو دووانیان خۆیان رزگار کردو یەکێکیان خنکا، ھێزەکانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەکانی تر سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەنجەکە.
دوای ئەوەی شەوی رابردو سێ گەنج لەدەریاچەی دەربەندیخان ماونەتەوەو بەمەبەستی ڕاوەماسی چونەتە ناوچەکە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و بەھۆی نەشارەزایی یەکێکیانەوە بەلەمەکەیان وەرگەڕاوەو کەوتوونەتە دەریاچەکەوە، دووان لەگەنجەکان توانیویانە خۆیان رزگار بکەن، بەڵام گەنجەکەی دیکەیان بەناوی (س، ع، م) لەدایکبووی ١٩٨٣ کە مەلەی نەزانیوە خنکاوە.
پاش ڕووداوەکە مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ھەوارەبەرزەی سەر بەبەشی پۆلیسی دەربەندیخان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکەو لەگەڵ تیمە فریاگوزارییەکانی تردا سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەنجەکە.
ھەروەھا بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لەڕووداوەکە، دوو گەنجەکەی تر لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ھەوارەبەرزەوە دەستگیرکراون و لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی - ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان