رونکردنەوەیەک لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ لەقەزای قەرەداغ، لەكاتێكدا كە شۆفێری ماتۆرسكیلێك بەدەموچاوی داپۆشراوەوە هەوڵی تێپەڕبوونیدا بەبازگەیەكی ئاسایشدا، هێزە ئەمیینەكان هەوڵیاندا ڕایبگرن و لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكەن، بەڵام ڕوبەروی هێزە ئەمنییەكان بووەو هەڵات.
شوفێری ماتۆرسكیلەكە چەكدار بووەو دوای ھەڵاتنی چۆتە یەكێك لەماڵەكانی قەرەداغ و سەرەڕای گەمارۆدانی لەلایەن هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشەوە، بەڵام رەتیكردۆتەوە خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەكان بكات و روبەرویان بۆتەوە.
لەكاتی روبەروبونەوەكانیشدا بەچەند نارنجۆكێک هێرشیكردۆتە سەر هێزە ئەمنییەكان و بەو هۆیەوە چوار كارمەندی پۆلیس و چوار كارمەندی ئاسایش و هاوڵاتییەك برینداربون، دوای ڕوبەروبونەوەکان، چەکدارەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژرا.
لەئێستادا سەرجەم بریندارەكانی ڕوداوەکە لەنەخۆشخانەن و چارەسەری پزیشكیی پێویستیان بۆ ئەنجامدراوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی - ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان